به‌لێ ده‌زانم (مه‌نگور) بوون!
ژیوار ره‌سوڵی
05:00:24/09/2010

له‌چوارشه‌ممه‌وه هه‌تا نووسینی ئه‌م بابه‌ته لانیكه‌م (10) كه‌سی دۆست و براده‌ر ته‌له‌فوونیان بۆ كردووم یان له‌رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه یه‌ك ره‌سته‌یان به قاقاو پێكه‌نینه‌وه پێ وتوومه، ئه‌ویش ئه‌وه بووه كه "هاهاهاهاهاهاها ژیوار ئه‌وانه‌ی له‌مه‌هاباد كوژراون، هه‌موویان بنه‌ماله‌ی مه‌نگوره‌كان بوونه". ئیتر به‌شێكیان چوونكه ده‌زانن من مه‌نگورم، ساتێك پێكه‌نین بۆ خۆی لێهه‌ڵده‌كرێنێت و هه‌ندێكیشیان كه‌توندترن و زۆربه‌شیان حیزبین به‌ته‌وسه‌وه پلارێكیش له‌ناو قسه‌كانیدا داوێن، هیچی ئه‌وانه‌م پێ سه‌یر نییه، ئه‌وه نه‌بێت كه له‌ناو ئه‌و دۆستانه‌ی وه‌ك هه‌واڵنێری تایبه‌تی (من) ئه‌و هه‌واڵه‌یان به‌و ئه‌ده‌بیاته قێزه‌ونه پێراگه‌یاندم، (روناكبیر)و (چالاكانی مه‌ده‌نی)و (ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حیزبه)كانیشی تێدابوون!
ئه‌وه‌ی كه‌رۆژی چوارشه‌ممه له‌شاری مه‌هاباد روویداو بووه هۆی گیان له‌ده‌ستدانی (13) كه‌س و برینداربوونی نزیكه‌ی (80) كه‌سیتر، ده‌كرێت له‌چه‌ندین رووه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و هه‌ر كه‌سێكیش سه‌ربه‌سته له‌وه‌ی كه‌چۆن چۆنی بۆ ده‌چێت، به‌ڵام یه‌ك راستی هه‌یه‌و نابێت له‌بیر بكرێت، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه كه له‌خوێندنه‌وه‌ی رووداوی وه‌هادا ده‌بێت، فاكته‌ری كات به (ئێستا)و (داهاتوو) و له‌و دووانه‌ش گرنگتر (رابردوو) له‌به‌ر چاو بگیردرێت. له‌ئێستادا گوتاری زاڵ به‌سه‌ر جیهان و ناوچه‌و ئێران‌دا، گوتاری خه‌باتی نه‌رم و مه‌ده‌نییه‌و زۆربه‌ی لایه‌نی سیاسیی كوردیش جارێ له‌سه‌ر ئه‌م رێچكه‌یه ده‌روات، بۆیه ناكرێًت دروشمی مه‌ده‌نیی و مافی مرۆڤیت پێ بێت و به‌كوژرانی ئینسانێك جا با كوردێكی (مه‌نگور) نه‌بێت و دوژمنێكی قه‌سته‌سه‌رت بێت، خۆشحال بیت. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌وه‌ی كه به‌زۆری له‌كاتێكی دیاریكراو‌و له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی كوردی به‌سه‌ر (مه‌نگور)ه‌كاندا سه‌پا، هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌بوو. خۆ چه‌ك هه‌ڵگری حكومی ته‌نیا له ناوچه‌كانی پیرانشار‌و مه‌هاباد و كۆی ئه‌و به‌شانه‌ی مه‌نگوریان لێیه نییه، به‌ڵكو به‌داخه‌وه كۆی شاره‌كانی كوردستان و ئێران به‌گشتی تووشی ئه‌و دیارده‌یه هاتووه‌و له‌شاره سنوورییه‌كانیش به‌رچاوتره، له‌هه‌مووی ئه‌و شارانه‌ش سوپا ئه‌وله‌ویه‌تی به‌هێزی خۆماڵی واتا (بومی) داوه. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م كه‌سه‌ی له شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان چه‌كداری حكومییه خۆ (مه‌نگور) نییه، به‌ڵكو زۆربه‌یان خه‌ڵكی ناو شار‌و ناوچه‌كه‌ن. به‌ڵام بۆچی زوومێكی سه‌یر له‌سه‌ر (مه‌نگور)ه‌كان هه‌یه‌و خۆویست یان نه‌ویستیش له‌لایه‌ن هه‌ندێك ڕه‌وتی سیاسیی ته‌زریقی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش ده‌بێت؟ مه‌نگور عه‌شیره‌یه‌كی ره‌سه‌ن و خه‌باتگێر و به‌راشكاوییه‌كی ته‌واویش ده‌لێم:" نه‌ته‌وه‌یی ترین عه‌شیره‌و كه‌سه‌كانی ناو كوردستانی رۆژهه‌ڵاتن." عه‌شیره‌ی مه‌نگور به‌درێژای مێژوو نه باوه‌ریان به راست هه‌بووه، نه خولیای یوتۆپیای چه‌پیان له‌مێشك دابووه، به‌ڵكو هه‌ر له‌داره‌داره‌وه هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی و كوردانه‌یان هه‌بووه، و به‌ئێستاشه‌وه سیمبول و بنچینه‌كانی كوردایه‌تی له‌هه‌موو ناو (مه‌نگور)ه‌كاندا وه‌ك خۆی ماونه‌ته‌وه. به‌ڵام بۆ له‌نه‌كاو هێزێكی وه‌ها ره‌سه‌ن كه ته‌نانه‌ت رژێمی ئێران ددانی به‌هه‌ستی كوردانه‌ی ئه‌وان داناوه‌و هه‌ر كاتێك به‌رپرسێكی پله یه‌كی وه‌ك خامنه‌یی له‌ناوچه نزیك ببێته‌وه، له‌چه‌ك دایانده‌مالێت و متمانه‌یان پێناكات، له‌ناو هزر و میدیا و باكگراوه‌ندی كوردستانی ئه‌بوجه‌هلێكی لێدروستبووه؟
ئه‌و هێزانه‌ی به‌چاوێكی خۆفرۆش و به‌كرێگیراو سه‌یری (مه‌نگور)ه‌كان ده‌كه‌ن، با هه‌ر نه‌بێت به‌ئاكه‌زایی سه‌یری ئه‌رشیڤی شه‌هیده‌كانیان بكه‌ن و چیرۆكی قاره‌مانه‌كانی (به‌ری مێرگان) و (نه‌لێن) و (گاگه‌ش) و (خرێ كاكێنێ) و (مێرگژان) وه‌بیرخۆیان بهێننه‌وه. با لێكۆله‌رو هێزه سیاسییه كوردستانییه‌كانی رۆژهه‌ڵات سه‌یری پێكهاته‌و ئه‌ده‌بیات و جۆری هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی (مه‌نگور)ه‌كان بكه‌ن، ئێستاش كه‌ئێستایه سوێند به سیمبوله نه‌ته‌وه‌یی و مێژووه‌كان ده‌خۆن و كه‌متر له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی كوردستانیش زمانیان كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری ده‌ره‌كی و زمان خۆشه‌ویستانیش كوردی پته‌و با له (مه‌نگورایه‌تی) ببیسن. به‌ڵام سیاسه‌ته هه‌ڵه‌و چه‌وته‌كانی ئه‌و حیزبه سیاسیانه له كاتێكی مێژووی دیاریكراو (مه‌نگور)یان له‌به‌ره‌ی رژێم هاویشت و به‌مشێوه‌یه زه‌ربه‌یه‌كی جه‌ڕگبریان له‌بزوتنه‌وه‌ی كوردی له‌رۆژهه‌ڵات دا، ئه‌وه له‌كاتێكدایه عه‌شیره‌ی مه‌نگۆر و ناوچه‌ی مه‌نگورایه‌تی هه‌وێنێكی گه‌وره‌ی شۆرشگێری بووه‌و هه‌رگیزیش و به‌ئێستاشه‌وه هیچ ڕه‌وتێكی رۆشنبیری و هه‌ولێكی رژێم نه‌یتوانیووه هه‌ستی كوردایه‌تیان لێبسێنێته‌وه.
ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی و زۆر گرنگی حیزب و لایه‌نێكی سیاسی دروستكردن یان گه‌راندنه‌وه‌ی متمانه‌ی گه‌له، ئه‌و كاره‌ساته‌ی شاری مه‌هاباد ده‌رفه‌تێكی گه‌وره بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه كوردیانه‌ی ده‌مێكه دروشمی خه‌باتی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤیان به‌رزكردۆته‌وه، هه‌ڵوێستێكی مه‌ده‌نی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو له‌خۆیان بنوێنن، و هه‌ر نه‌بێت ئه‌مجاره‌یان ته‌نیا به‌راگه‌یاندنێكی زۆر لاواز نه‌وه‌ستن و پێش ده‌ستی سوپای پاسداران بگرن و داوایان له‌كوردستان كردبا چه‌ند رۆژ ره‌ش له‌به‌ر بكه‌ن. یان له‌به‌رنامه تله‌فزیۆنییه‌كانیان به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌میوانداری خه‌ڵكی پسپۆر بكه‌ن و یان هه‌ر نه‌بێت له‌گۆشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌یان خه‌تێكی ره‌شیان كێشابایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ماله كورده‌ی سێ كه‌سیان لێكوژراوه به‌خه‌تی ره‌شی سه‌ر كه‌ناله‌كانتان یان دڵنیگه‌رانیتان یان ڕونكردنه‌وه‌ی رای گشتی شوناسێك وه‌ربگرێت و دڵخۆش ببێت. به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه راگه‌یاندنێكی به‌په‌له‌ی بێ هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی لۆژیكی هه‌موو ئه‌و كاره بوو كه لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات كردیان.
ئه‌و نوسراوه‌یه له ره‌وا نیوز وه‌رگیراوه
ئه‌و نوسراوه‌یه له ره‌وا نیوز وه‌رگیراوه







