به مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی کرده‌وه تێڕۆریستییه‌کانی مه‌هاباد و سنه رۆژی شه‌ممۆ رێکه‌وتی 23 ی ئۆکتۆبری 2010، له‌شاری ستۆکهۆڵم - پێته‌ختی سوئێد- کۆرێک گیرا. کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له ئوروپا بانگهێشتی نوێنه‌رانی حیزب و لایه‌نه سیاسیی و چالاکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه نووسانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی کردبوو. به‌شداران بریتی بوون له: شێرکۆ جهانی – رۆژنامه نووس-، حامید سه‌عه‌تی – له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان-، حه‌سه‌ن حاته‌می – له لایه‌ن حیزبی دێموکڕاتی کوردستان-، سیامه‌ند موعینی – له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد- له ئۆرووپا، یۆسف سوڵتانی – له لایه‌ن پارتی ژیانی ئازاد (پژاک) -. به‌ڕیوه‌به‌ری پانێل چالاکی مافی مرۆڤ، ئاسۆ ساڵح بوو. به‌رنامه‌که له ته‌وه‌ری یه‌که‌م دا، باسی هۆکاره‌کان، کارتێکه‌ری، ئامانجه‌کان و ئاکامه‌کانی ته‌قینه‌وه‌ی مه‌هاباد له رۆژی چوارشه‌ممه 22ی سێپتا‌مبر و ته‌قه له خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و نیزامی سنه له 8ی ئۆکتوبر و ته‌وه‌ری دوویه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕۆڵی ئیسلامی سیاسی و سه‌رهه‌ڵدانی رێکخراوه توندئاژۆ ئیسلامییه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو. به‌شدارانی پانێل به‌گشتی پێیان وابوو که: رێژیمی به‌ڕواڵه‌ت کۆماری ئیسلامی، له پشت ئه‌و کرده‌وه تێڕۆریستانهیه، بۆ چاوترسێن کردنی پتری خه‌ڵکی کوردستان و ئاژاوه نانه‌وه له‌نێوان کورده‌کان و خۆڵقاندنی فه‌زای ترسێنه‌ری سه‌رکوت، گیران، شکه‌نجه و ئێعدامی ڕۆڵه‌کانی کورد و پاساو هێناه‌وه بۆ ڕه‌چاوکردنی هه‌رچی پتری سیاسه‌تی ڕوانگه‌ی ئه‌منییه‌تی له کوردستان. به واتایه‌کی دیکه رێژیمی ئیسلامی ئێران، هه‌وڵ ده‌دا له لای دنیای ده‌ره‌وه وا نیشان بدا، که کورده‌کان مه‌ترسی خوڵقێنن و "دژی شۆڕش و به‌ستراوه به ئه‌مریکا و ئیسراییلن"، بۆیه له کوردستان پێویسته حاڵه‌تی تایبه‌تی ره‌چاو بکرێ و ئێعدامی چالاکانی کورد به ناوی ئه‌و که‌سانه‌ی ئاسایشی وڵات ده‌خه‌نه مه‌ترسی، ره‌وایه و کۆر و کۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌ییش بۆیان نییه پشتیوانی له‌و که‌سانه بکه‌ن. له‌ئاکام دا، کار بۆ خه‌وشدارکردنی پشتگیری کۆر و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌کا که جینایه‌ته‌کانی رێژیم له قاو ده‌دن. هه‌روه‌ها رێژیم له‌و فه‌زاییه‌ی خوڵقاندوویه، که‌لک وه‌رده‌گرێ بۆ ئاژاوه نانه‌وه له نێوان ئه‌و چه‌کدار و هاوکاره کوردانه‌ی نێو عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ له لایه‌ک و چالاکانی کورد و ئه‌حزابی کوردی له لایه‌کی دیکه. چونکه پێی وایه، به ڕشتنی خوێنی ژن و منداڵ رێگا خۆش ده‌بێ بۆ دوژمنایه‌تی زۆرتر له نێوان کورده‌کان دا. - ئاماژه به‌وه‌ش کرا که مه‌نگوڕه‌کان له مێژووی ئازادیخوازی کوردان دا، نه‌خشی گرینگ‌یان گێڕاوه و وێنه‌ی هه‌مزا ئاغا له بزووتنه‌وه‌ی شێخ عوبدیلای نه‌هری و هاوکاری ناوچه‌ی مه‌نگوڕایه‌تیی له جووڵانه‌وه‌ی 46-47 هێنرانه‌وه.- حه‌سه‌ن حاته‌می له به‌شێک له بڕگه‌ی یه‌که‌می پانێله‌که دا، کوتی: چونکه ده‌سه‌ڵاتدارانی رێژیم له مه‌هاباد به‌و ئامانجه‌ی ده‌یانهه‌ویست نه‌گه‌یشتن و پیلانه‌که‌یان پووچه‌ڵ بۆوه و له لایه‌ک، حیزب و رێکخراوه سیاسیی و مه‌دنییه‌کان به‌رپرسانه کرده‌وه‌ی ئه‌رێنیان به تاک و به‌کۆ نیشان دا و ئه‌و کرده‌وه دژی مرۆڤانه‌یان حکووم کرد و له‌قاویان دا، له لایه‌کی دیکه‌ش هاوده‌ردی به‌جێی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ قورباییهکان له مه‌هاباد، پیلانی رێژیمیان پووچه‌ڵ کردوه و به‌گشتی هه‌موو لایه‌ک وشیارانه له‌گه‌ڵ رووداوه‌که جووڵانه‌وه. بۆیه دواتر به‌رنامه‌ی سنه دارێژرا. به پێی نێوه‌رۆکی ئاژاوه‌گێڕی ده‌زگا ئه‌منییه‌تی و نیزامییه‌کان، له‌وه بهدواهش ده‌بێ چاوه‌رێیی کرده‌وه‌ی دزێوی دیکه‌ش بین. رێژیم له پیلانگێڕی ڕاناوه‌ستێ و خه‌باتی ئازادیخوازی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش بێ شک، په‌ره‌گرتووتر ده‌بێ. ناوبراو له درێژه‌ی باسه‌که‌ی دا، کارتێکه‌ری یه‌کگرتووانه‌ی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵکی کورد له مانگرتنی گشتی 23 ی گوڵان دا، دوای ئێعدامی - فه‌رزادی که‌مانگه‌ر و هاوڕێیه‌کانی- له 19ی گوڵانی ئه‌مساڵ، وه‌ک هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ ترسی رێژیم له کوردستانیزه بوونی ئێران و گشتگیر و سه‌رانسه‌ری بوونی خه‌باتی مه‌ده‌نی،هێنایه به‌رباس. هه‌روه‌ها باس کرا که: رێژیم له رێگای کرده‌وه‌ی تێرۆریستی له‌و چه‌شنه ده‌توانێ فشاری کۆر و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وییه‌کان به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر خۆیی، که‌م کاته‌وه و سه‌رنجیان بۆ لای شتی دیکه رابکێشێ و خۆی مه‌زلووم نیشان دا و جۆره هاودهردییهک بۆ ماوه‌یه‌ک، لانی که‌م له‌نێوخۆ، بۆ لای خۆی ڕاکێشێ و سه‌رکوتگه‌ریی بێبه‌زییانه‌ی خۆیی به دژی موخالیفانی پێ تهوجێه بکا. نادروست بوونی ته‌فسیره به‌په‌له‌کانی رێژیم دوای رووداوه‌کان، به سانایی گرتنی تێگه‌یشتوویی خه‌ڵک و چه‌واشه‌کردنی ڕاستی رووداوه‌کان و به لارێ دابردنی بیروڕای گشتی بوو. که‌له ئاکام دا، ئه‌وه پیلانگێری و کردوه دزێوه‌کانی رێژیم بوون که "په‌ته‌ی ئه‌وانی پتر خسته سهرئاوێ". به‌ڵام له وانه‌یه که‌سێک که دوور له کوردستان ده‌ژی و زانیاری ئه‌و تۆی له سه‌ر کوردستان نییه و یا وڵاتانێک که جگه له ساتوسه‌ودای بازرگانی، جینایه‌ته‌کانی رێژیمی ئیسلامی ئێران به‌هێند ناگرن، تا ڕاده‌یه‌ک باوه‌ڕ به قسه‌کانی رێژیم بکه‌ن و ئاماده‌یان تێدا پیدا بکرێ به‌شێوه گه‌لێک دژایه‌تی ئه‌و رێکخراوه کوردیانه‌ی که به قسه‌ی رێژیم "ده‌ستیان له‌و کاره‌دا بووه"، بکه‌ن. هه‌موو به‌رێزانی به‌شدار له پانێل هاوده‌نگ و هاورا بوون سه‌باره‌ت به خه‌باتی چه‌کداری کورد و به واتایه‌ک پێ‌داگر بوون که کورد چه‌کی بۆ دیفاع له خۆی هه‌ڵگرتووه و قه‌ت بۆ مه‌به‌ستی تێکدان که‌ڵکی لێ وه‌رنه‌گرتووه و گوترا که: له‌ڕاستی دا، له دوای ده‌نگ نه‌دانی زۆربه‌ی هه‌رزۆری کورده‌کان به ڕاپرسی نیزامی کۆماری ئیسلامی- له 10 خاکه‌لێوه‌ی 1358دا-، به‌شێوه‌ی به‌رنامه دارێژراو شه‌ڕ له کوردستان داسه‌پا. هه‌روه‌ها، هه‌موو به‌شداران گرینگی کاری مه‌ده‌نی چ له نێو خۆی وڵات و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان، وه‌ک ئامرازی سه‌ره‌کی سه‌لماندن و سپاندنی ویست و داخوازییه‌کانی گه‌لی کورد، خسته روو. له به‌شی دوویه‌می پانێله‌که‌دا، جێگه وپێگه و چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسی و رێکخراوه توندڕۆ ئیسلامییه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خرایه به‌ر باس. به‌شێک له به‌شداران، پێیان وابوو ئه‌و گرووپانه پایگایه‌کی ئه‌وتۆیان له نێو خه‌ڵکی کورد دا نییه. به‌ڵام به‌شێکی تر له پانێلگێران له‌و بڕاوایه دا بوون که کۆمه‌ڵگای کوردستان کۆمه‌ڵگایه‌کی ئیسلامی وسونییه. هێندێک له‌و گروپانه به‌و دروشمه که به دژایه‌تی شیعه ده‌کرێ کیانی کوردی موسلمان دروست بکرێ، ژماره‌یه‌ک له کورده‌کان به لارێ دا، دابه‌ن و که‌لکی خراپ - به دژی بزووتنه‌وه‌ی مێژوو درێژی مافی نه‌ته‌وه‌یی-، لێ وه‌رده‌گرن. مادام حیزبه کوردیه‌کان هیچ خۆێندنه‌وه‌یه‌کی روون و ئاشکرایان سه‌باره‌ت به‌و گرووپانه نییه، ئه‌وه بۆخۆی رێگا خۆش ده‌کا بۆ جم و جۆڵی زۆرتری ئه‌و گروپانه. به باوه‌ری زۆربه‌ی پانێلگێران، رێژیم به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ پشتگیری رێکخراوه توندئاژۆ ئیسلامییه‌کان له کوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران و ناوچه‌که ده‌کا و گه‌ره‌کییه‌تی، سیمای ئیسلامی مه‌ده‌نی له‌و ناوچه‌یه،که بۆ رزگاری کوردستان له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مه‌وه خه‌بات ده‌کا، به کرده‌وه‌ی تێڕۆڕیستی و دژی گهلیانهیان، بشێوهێنێ. هێندێک له پانێلگێران له سه‌ر ئه‌و ڕایه بوون که له مه‌یدانی چالاکی کورد دا، ئه‌و گروپانه به مه‌به‌ستی به‌دیل دروست کردن بۆ ئه‌حزابی سێکولار و نه‌ته‌ویی هێنراونه مه‌یدانه‌وه و ئه‌وه به قازانجی رێژیمه. چونکه له‌هه‌ر لایه‌ک بکوژرێ رۆڵه‌ی کورد تێداده‌چێ و تۆوی دژایه‌تی پتر ده‌چێندرێ و.... دوای قسه‌کانی به‌شدارانی پانێله‌که، دوو که‌س له به‌شداران سه‌باره‌ت به هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و پێویستی ئه‌و هێزه بۆ پاراستنی ده‌سکه‌وتی ئازادیخوازی و مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان و پێکهاته‌ی عه‌شیره‌تی مه‌نگووڕ و گۆڕانی ئه‌وان به‌هۆی خوێنده‌واری و تێکه‌ڵاو بوونی جیلی لاو له‌گه‌ڵ گۆڤار و بڵاوکراوه کوردییه‌کان، که بۆته هۆی ترسی رێژیم له‌و تێگهیشتووییه دوان. چه‌ند که‌سیش سه‌باره‌ت به باس و لێکدانه‌وه‌ی رووداوه تاڵه‌کانی مه‌هاباد و سنه، تێبینی و پرسیاره‌کانی خۆیان باس کرد و ناره‌زایه‌تی خۆیان له له‌تبوون و دابڕانه‌کانی حیزبه کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌لاتی کوردستان ده‌ربڕی. ئه‌وان داخوازی به‌یه‌که‌وه هاوکاری کردن و یه‌کگرتوویی ریزه‌کانی حیزب و رێکخراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوون. شایانی باسه که به‌داخه‌وه، هه‌م به‌شێک له حیزب و ڕێکخراوه کوردییه‌کان وڵامی بانگهێشتنه‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردیان نه‌دابۆوه و به‌شداریان نه‌کرد و هه‌م رێژه‌یه‌کی زۆر که‌م له کورده‌کانی دانیشتووی ستۆکهۆڵم و ده‌رووبه‌ری، به‌شداری ئه‌و کۆبوونه‌وه گرینگه بوون و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری سهندلێیهکان به‌تاڵ بوون. ![]() |
ئه‌و نوسراوه‌یه له (giareng) وه‌رگیراوه
http://www.giareng.com/modules.php?name=News&file=article&sid=4072








